حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، گەمارۆ خستنەسەر رێبەری کۆماری ئیسلامی هیچ کاریگەری لەسەر ئەو وڵاتە نابێ. دەشڵێت، دارایی عەلی خامنەیی لە ئەمریکا تەنیا خانوویەک و حوسێنییەیەکی سادەیە. سەپاندنی سزاکەش بە گەمژانە لەقەڵەمدەدات و ئاماژە بەوە دەکات، پێچەوانەی قسەکانی بەرپرسانی ئەمریکایە لەبارەی دانوستاندن.

لە وەڵامی سزا نوێیەکانی ئەمریکا دژی وڵاتەکەی، حەسەن رووحانی بە تووڕەییەوە خراپترین دەستەواژەی دژی ئەمریکا بەکارهێنا و بەرپرسانی ئەو وڵاتەی بە "درۆزن" ناوبرد.

رووحانی گوتی "کەسێک کە هێندە عەقڵی لەدەستبدات، بێت و کارێکی ئاوا ناشیرین و گەمژانە بکات، کە چی، کە بڵێ گەمارۆ بەسەر رێبەریی وڵاتێکدا دەسەپێنم. خولێکی دیکەی گەمارۆکان کە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی لە ئێران کردووەتە ئامانج، جۆرێکی کەموێنەی گەمارۆکان. گەمارۆ بۆچی؟ دەیانەوێ گەمارۆ بخەنەر سەر دارایی رێبەریی، دارایی رێبەریی حوسێنییەیەک و خانوویەکی سادەیە". 

رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆمەڵێک سزای دیکەی بەسەر ئێراندا سەپاند. سزاکانی ئەمجارە، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانیشیان گرتەوە، کە بەهۆیانەوە دەستگەیشتنی ئۆفیسەکەی بە سەرچاوە داراییەکان کەمتر دەکرێتەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، ترەمپ هیوای خواست رۆژێک بێتە پێشەوە کە ئەو سزایانە هەڵبگیرێن؛ ئەوەش بەگوتەی ترەمپ ئەو رۆژەیە کە تاران وازی لە خواستەکانی بۆ چەکی ئەتۆمی و پشتیوانیکردنی تیرۆر هێنابێت. 

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دامەزراوە سەربازییەکان و تۆڕێکی بەربڵاوی ناوەندە ئایینیی لەژێر کۆنترۆڵدایە، کە لە هەندێ لە وڵاتانی دیکەی جیهاینیشدا پەلوپۆی هاویشتووە.  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ساڵی رابردوو داراییەکانی عەلی خامنەیی بە 95 ملیار دۆلار خەمڵاندبوو، دوو مانگ لەمەوبەریش باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا سەرمایەکەی بە 200 ملیار دۆلار لێکدایەوە، کە گەمارۆکان دەتوانێت کاریگەریی گەورە لەسەر ئاڵوگۆڕی دامەزراوەکانی سەربە رێبەری ئێران دابنێت.

حەسەن رووحانی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دانوستاندن بە هەوڵێکی ناڕاست ناوبرد و گوتی "مەگەر ئەمانە ناڵێن دانوستاندن بکەین، دەی ئەگەر راست دەکەن دەڵێن دانوستاندن بکەین، هاوکات لەگەڵ دانوستاندن دەتانەوێ گەمارۆ بخەنەسەر وەزیری دەرەوە، دەی روونە درۆ دەکەن. خۆتان هاوارتان کرد کە دنیا متمانەمان پێمەکەن کە ئێمە پابەندی هیچ بەڵێنیک نابین، ئێستا دیسان لە سەرڕاوە بێین دانوستاندنتان لەگەڵدا بکەین؟"

لەم ئاستە لە نەبوونی متمانەدا حەسەن رووحانی توانایی سەربازی بەرگریکارانەی ئێرانی بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئەمریکای بە چاوی بەرپرسانی ئەمریکادا دایەوە. 

رووحانی گوتی "لە بنکەیەک لێماندا کە دروستکراوی ئێرانە، مووشەکەکەی دروستکراوی ئێرانە، رادارەکەشی دروستکراوی ئێرانە".

بۆڵتن: هەڕەشەی ئێرانێكی ئەتۆمی زۆر راستەقینەیە 

لە ئۆرشەلیم (قودس) جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەردوو هاوتا ئیسرائیلی و رووسییەکەی سەبارەت بە ئێران لێدوانی نوێی ئاگرینی دەرکرد.

جۆن بۆڵتن گوتی "هەڕەشەی ئێرانێکی ئەتۆمی زۆر راستەقینەیە، هەروەها ئێرانێك کە پشتیگیری تیرۆر دەکات. بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی و چالاکییە گڵاوەکانی دیکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشی هەڕەشەن. بۆیە ئێمە هەموو جارێک کە لەگەڵ رووسەکان کۆدەبینەوە باسی ئەو بابەتانەی ئێران دەکەین و تاوەکو هەڕەشەکانی ئێران بەردەوامبن، ئێمەش هەر بەردەوام دەبین لە باسکردنی ئەو بابەتە".

"نابێت گوێمان لەو جۆرە هەڕەشانە بێت"

لە بروکسلی، پایتەختی بەلجیکا و ناوەندی سەرەکی هاوپەیمانی ناتۆ، نێردەی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانێتییەکە هیوای خواست تاران کەمێک دیپلۆماسیانتر رەفتار بکات.

کەی هاچیسۆن، نێردەی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانی ناتۆ گوتی "ئێمە هیوخوازین ئێران بەرەو دیپلۆماسییەت بڕوات و هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بووەستێنن و تیرۆر هەناردەی ئەفغانستان و پاڵپشتی حیزبوڵڵا نەکەن، هەر وەک ئێمە بینیومانە کە ئەو کارانەیان کردووە و سەقامگیری چەندین ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان تێکداوە. بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لە دیپلۆماسییەت، بەڵام ئێمە هاوکات بەردەوام دەبین لە جەختکردنەوەمان لەسەر ئەوەی کە ئێران ناتوانێت بەردەوام بێت لە هەڕەشەکردن بەوەی کە پەرە بە توانا ئەتۆمییەکانی بدات. نابێت گوێمان لەو جۆرە هەڕەشانە بێت".

تاوەکو ئێستا نە تاران و نە واشنتن، لە یاری تێگرتنی رەخنە و هەڕەشەکان لە یەکدی دەستیان هەڵنەگرتووە. هەردوولا دەڵێن شەڕ لەئارادا نییە، لەکاتێکدا هەڵوێستەکانی ئیدارەی ترەمپ و جووڵەی ئێرانییەکان لە ناوچەکە، پێدەچێت پێچەوانەی قسە و راگەیێندراوەکانی هەردوولا بێت.

دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە ئەمریکا سزای خستە سەر عەلی خامنەیی، بڕیارە هەفتەی داهاتوو سزا بخاتە سەر محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش. لە فەرمانێکدا دۆناڵد ترەمپ هەر یەک لە وەزیری گەنجینە و دەرەوەی راسپارد تاوەکو ئەو کەسانە و گرووپانەی سەر بە نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانن لە ماوەیەکی کورتدا سزایان لەسەر دابنرێن. 

 

رووداو - هەولێرhttp://www.rudaw.net/sorani/world/250620191